پەرلەمانى عێراق یاسایەک هەموار دەکاتەوە کە دەرفەتى کراوە دەداتە بەرپرسانى پێشووی حیزبى بەعس تانە لە بڕیارەکانى دەستگرتن بەسەر ئەو موڵک و ماڵانەیان بدەن، کە بەهۆى دەسەڵاتەکەیانەوە وەریاننەگرتووە، هاوکات بڕیارى دەستگرتن بەسەر موڵک و ماڵى خێزانى سەدام حوسێن فراوان دەکرێت.
 
پەرلەمانى عێراق یەکى ئابى 2023، خوێندنەوەى یەکەمى بۆ پڕۆژەیاساى هەموارى یەکەمى یاسای دەستگرتن بەسەر موڵک و ماڵى گواستراوە و نەگواستراوەى بەرپرسانى رژێمى پێشوو کرد، کە لە بەردەست لیژنەى کۆچ و کۆچبەرانى پەرلەمانى عێراقە.
 
بەگوێرەى هەموارەکە، بڕگەى یەکەمى مادەى یەکى یاساکە دەکرێت بەوەى ئەو موڵک و ماڵانەى سەدام حوسێن، سەرۆکى پێشوترى عێراق و ژن و منداڵەکانى و کەسە نزیکەکانى و بریکارەکانیان دەگرێتەوە کە بە ناوى کەسانى دیکەوە کراون، لە کاتێکدا پێشتر تەنیا ئەو موڵک و ماڵانەى دەگرتەوە کە بە ناوى خۆیانەوە بوون.
 
لەیاساکەدا ناوى 52 بەرپرسى دەسەڵاتى پێشووى حیزبى بەعس لەعێراق دەستنیشانکراون، کە دەستگرتن بەسەر موڵک و ماڵیاندا دەیانگرێتەوە، عەلى حەسەن مەجید، تاریق عەزیز، تەها محێدین مەعرووف، عەبد حەمود، سوڵتان هاشم دیارترین بەرپرسەکانن.
 
یەکێک لە هەموارەکانى دیکەى یاساکە ئەو ماوەیەیە، کە ئەو بەرپرسانە دەتوانن تێیدا تانە لە بڕیارى دەستگرتن بەسەر موڵک و ماڵیاندا بدەن، ئەگەر لە رێگەى وەرگرتنى بەرپرسیارێتیان لەو دەسەڵاتە دەستیان نەکەوتبێت.
 
پێشتر، لە یاساکەدا 30 رۆژ بۆ ئەو کەسانە دیاریکرابوو کە لە ناوەوەى عێراق و 60 رۆژیش بۆ ئەوانەى لە دەرەوەن تانە لە بڕیارەکە بدەن، بەڵام بە گوێرەی رەشنووسی هەموارەکە، ماوەی تانەدان کراوە دەبێت.
 
سۆران عومەر، ئەندامى لیژنەى کۆچ و کۆچبەرانى پەرلەمانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند: "بە لادانى ئەو ماوەیەى پێشتر لە یاساکەدا هەبوو، بەرپرسانى رژێمى پێشوو دەتوانن هەرکات بیانەوێت تانە لە بڕیارى دەستگرتن بەسەر موڵکوماڵیان بدەن لەدادگە."
 
یاساکە لە 18ى ئەیلوولى 2017 چووەتە بوارى جێبەجێکردنەوە، ئەو ماوەیەى دیاریکردووە بۆ تانەدان لە بڕیارى دەستگرتن بەسەر موڵکوماڵى  بەرپرسانى دەسەڵاتى پێشوو، کە دەبێت لە ماوەى ساڵێکدابێت لە دواى دەروچونى یاساکە و سکاڵاکان پێشکێش بە لێژنەیەکى وەزارى دەکرێت کە نوێنەرانى ئەمیێندارێتى گشتیی ئەنجوومەنى وەزیران و وەزارەتەکانى داد و دارایی تێدا ئەندامن بەوپێیە لە 18ى ئەیلوولى 2018 ئەو ماوەیە کۆتایی هاتووە کە بەگوێرەى یاساکە دیاریکراوە بۆ تانەدان لەو بڕیارانە.
 
یەکێکى دیکە لەو ماددانەى لە هەموارەکەدا هاتووە ئەوەیە لە برى پێشکێشکردنى تانە بە لیژنە وەزاریەکە، ئەو بەرپرسانەى پێشووى دەسەڵاتى حیزبى بەعس، تانەکانیان دەدەنە دادگەى بەرایی.
 
سۆران عومەر ئاماژەى بەوەدا، تێپەڕاندنى ئەو هەموارى یاسایە ئەستەمە بەهۆى ناڕەزایی بەشێک لە فراکسیۆنە شیعەکان. گوتیشى: "لەگەڵ خوێندنەوەى یەکەمى پڕۆژەیاساى هەموارەکە دەنگى ناڕەزاى لەدژى هەبوو".
 
ساڵى 2003 بەهۆى هێرشی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانى، دەسەڵاتى حیزبى بەعس لە عێراق رووخێندرا، زۆرینەى بەرپرسانى ئەو دەسەڵاتە دادگاییکران و دەستگیرا بەسەر ئەو موڵک و ماڵانەى کە بەهۆى بەرپرسیارێتییانەوە بەدەستیان هێنابوو.