ئەمیر مەهدی مزووری

یەکەم کورد لە ئەکادیمیای شاهانەی سەربازیی ساندهێرستی بەریتانی Royal Military Academy Sandhurst بە ناوی ئەمیر مەهدی بارزانی بڕوانامەی بەکالۆریۆسی وەرگرت کە هاوئاستی بەکالۆریۆسی سەربازییە و ماوەی ساڵێک و دوو مانگی خایاندووە.

ئەمیر مەهدی لەبارەی سەرەتای دەستبەکاربوونی لە ئەکادیمییەکە راگەیاند: "کاتێک سەرەتا هاتم بۆ ئەم ئەکادیمیایە پێیان گوتم 'دەزانیت تۆ یەکەم کورد و یەکەم پێشمەرگەی بێیتە ئەکادیمیاکە'. لەو کاتەدا هەستێکی زۆر خۆشم هەبوو و لە هەمان کاتیشدا زۆر دڵگران بووم بەوەی کە نەتوانم نوێنەرایەتییەکی راستەقینەی پێشمەرگە قارەمانەکان بکەم".

سەرەتا ئاڵای عێراق دراوە بە مەهدی بۆ ئەوەی لەسەر شانی بیبەستێ، بەڵام ئەو رەتیکردووەتەوە و داوای بەستنی ئاڵای کوردستانی کردووە، مەهدی لەو بارەیەوە دەڵێت: "رۆژانە هەوڵ و تەقەلایەکی زۆرم دەدا لەگەڵ ئەکادیمیا تاوەکو ئاڵای کوردستان ببەستم. بۆ ئەم مەبەستە وەک پێشمەرگەیەک و قوتابییەکی ئەکادیمیای شاهانەی ساندهێرست بە ئاڵای کوردستانەوە پێشوازیم کرد لە فەرماندەیەکی باڵای سوپای بەریتانی لەنێو (Old College)ی ساندهێرست".

بە گوتەی ئەمیر دوای تێپەربوونی زیاتر لە مانگێک لە 03-08-2020 ئەکادیمیای شاهانەی ساندهێرستی بەریتانی ئاڵای کوردستانیان لەسەر باجی ئەکادیمیا دا لەبری ئاڵای عێراق و، دواتر لەلایەن مامۆستا و قوتابیانی بەریتانی پیرۆزبایی لێکراوە.

لەبارەی بەستنی ئاڵای کوردستان لەسەر شانی، ئەمیر دەڵێت، "ئاڵای پیرۆزی کوردستان لە ریز ئاڵای وڵاتان بەستێنرا کە ئەمە بۆ من دەستکەوتێکی گەورەیە وەک پێشمەرگە و کوردێک شانازی پێوە دەکەم، کاتێکیش ئاڵای کوردستانیان پێبەخشیم پێیان گوتم، 'ئاڵای کوردستان دەبەخشن بە هەر کوردێکی دیکە کە بێت بۆ ئەم ئەکادیمیایە' ."

نزیکەی هەفتەیەک پێش ئێستا میدیا مەستی، کچێکی کورد لە ئەکادیمیای شاهانەی سەربازیی ساندهێرستی بەریتانی کۆرسێکی کورتی دوو مانگەی تەواو کرد، کە جیاوازیی هەیە لەگەڵ ئەو کۆرسەی ئەمیر خوێندوویەتی بەو پێیەی ئەمیر لە کۆتاییدا بڕوانامەی بەکالۆریۆسی وەرگرتووە و ماوەی کۆرسەکەی ساڵێک و دوو مانگ بووە، ئەمیر دەڵێت، بە بیستنی هەواڵی ئەوەی کوردێکی دیکە هاتووەتە ئەکادیمییەکە دڵخۆش بووە، بۆیە پەیوەندی پێوە کردووە و پێیراگەیاندووە، کە دەبێت داوای ئاڵای کوردستان بکەیت لەسەر جلەکانت

ئەمیر مەهدی لەگەڵ ئاڵای کوردستانئەمیر مەهدی لەگەڵ ئاڵای کوردستان

لەبارەی سروودی نیشتمانیشەوە، ئەمیر دەڵێت: "دوای هەوڵ و تەقەلایەکی زۆرم بۆ ماوەی مانگێک تاکو سروودی نیشتمانی کوردستان 'ئەی رەقیب' لەبری سروودی نیشتمانی عێراقی بخوێندرێت، بۆ یەکەمجار لە ئەکادیمیای شاهانەی ساندهێرست بەریتانی سروودی 'ئەی رەقیب' خوێندرا".

ئەمیر چیرۆکی خۆی لە ئەکادیمیاکە دەگێڕێتەوە و دەڵێت، دوای تێپەرینی مانگێک لە خوێندن لە ئەکادیمیای شاهانەی ساندهێرستی بەریتانی لە قوتابیانی وڵاتانی دیکە جیاکراوەتەوە و لەگەڵ قوتابیانی بەریتانی دانراوە، لەبەر ئەوەی بە ئاستێکی زۆر باش لە رووی ئەکادیمی و زمانەوە دەرکەوتووە، بۆیە لەگەڵ قوتابیانی بەریتانی دەستیان بە خوێندنی ماستەر کرد.

لەبارەی توانای جەستەییەوە ئەمیر دەڵێت: "لە رووی جەستەییەوە ئێجگار باش بووم رکابەریی باشترین و بەهێزترن قوتابیەکانم ئەکرد. بۆیە لەگەڵ بەهێزترین قوتابییە بەریتانییەکان دانرام ئەوانەی لە مشاتی بەریتانیا وەردەگیرێن. جا بۆیە لە (GCC) دانرام کە لەبری 15 کیلۆگرام ئێمە بە 40 کیلۆگرامەوە راهێنانی ئێجگار سەختمان دەکرد".

ئەمیر مەهدی لەبەردەم تانکێک لە ئەکادیمیای سەربازیی شاهانەی بەریتانیائەمیر مەهدی لەبەردەم تانکێک لە ئەکادیمیای سەربازیی شاهانەی بەریتانیا

هەروەها ئەمیر دەشڵێت: "دوای ماوەیەک توانیم لە نێو ئەوانیشدا لە بەهێزترینەکان بم کە لە دوا راپۆرتی دەرچوونمدا سەرۆکی ئەکادیمیای شاهانەی ساندهێرست نمرەی نایابی پێبەخشیم و ئاماژەشی بەوەداوە کە لە رووی توانای جەستەییەوە پێش باشترین و بەهێزترین قوتابیانی بەریتانی كەوتم".

لەبارەی کۆرسەکەیەوە ئەمیر دەڵێت: "دوای ئەوەی لەگەڵ ئەکادیمیای شاهانەی ساندهێرست بەرەو شارۆچکەی (Lydd) بەرێکەوتین کە دەکەوێتە سەر دەریای (English Channel) لە باشووری رۆژئاوای بەریتانیا بۆ ئەنجامدانی (Advanced Shooting). لەم تێستەدا کەسی تەقەکەر بە جووڵەی جیاواز تەقە دەکات و ئامانجەکەش دەجووڵێت لە دووری 10 مەتر و 200 مەتردا. ئەگەر تەقەکەر لە کۆی 40 نیشانە بتوانێت 34ـیان بپێکێت ئەوا بە مەدالیای (Marksmanship) خەڵات دەکرێت".
rudaw -