سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، رۆژی یەکشەممە مووچەی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی دابەشدەکرێت.
رۆژی شەممە 19-02-2022 سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، رۆژی یەکشەممە 20-02-2022 مووچەی مانگی 1ی ساڵی 2022ی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی حکومەتی هەرێمی کوردستان دابەش دەکرێت.
رۆژی 25-01-2022 دەست بە دابەشکردنی مووچەی مانگی کانوونی دووەمی ئەمساڵ کرا، یەکەم وەزارەت کە مووچەی وەرگرت، وەزارەتی تەندروستی بوو.
سست بەڕێوەچوونی دابەشکردنی مووچە لە کاتێکدایە، نرخی بەرمیلێک نەوت لە 100 دۆلار نزیکدەبێتەوە و هەرێمی کوردستانیش رۆژانە زیاتر لە 400 هەزار بەرمیل نەوت دەفرۆشێت، جگە لە داهاتی ناوخۆ، حکومەتی عێراقیش مانگانە 200 ملیار دینار بۆ مووچەی فەرمانبەران دەنێرێت، بەڵام تاوەکو ئێستا 200 ملیارەکەی مانگی یەکی نەناردووە.
لە هەرێمی کوردستاندا یەک ملیۆن و 251 هەزار و 451 مووچە خۆر هەن، کە 751 هەزار و 805 کەسیان فەرمانبەری سەربازی و شارستانین؛ 242 هەزار و 269 کەسیان خانەنشینن. حکومەت بۆ پێدانی مووچە بێ لێبڕین مانگانە 895 ملیار دیناری پێویستە، کە ساڵانە 10 تریلیۆن و 740 ملیار دینار دەکات.
سەرچاوە : رووداو دیجیتاڵ
0 تعليقات