شارەزایەکی بواری تەکنەلۆژیا و ئەپڵیکەیشنەکان بەکارهێنەرانی تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک لە عێراق و هەرێمی کوردستان لە مەترسییەک ئاگادار دەکاتەوە و دەڵێت" ئەگەری دووبارەبوونەوەی راوەستانی فەیسبووک و ئەپڵیکەیشنەکانی دیکە هەیە"، بەپێویستیشی دەزانێت خەڵک، بەتایبەت کەناڵەکانی راگەیاندن و رۆژنامەنووسان و چالاکوانان هەنگاوی پێشوەختەی خۆپارێزی بگرنەبەر.
ئاسۆ وەهاب، شارەزای بواری تەکنەلۆژیا و ئەپڵیکەیشنەکان لەبارەی راگرتنی تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک و بەشێک لە ئەپڵیکەیشنەکان هۆشداریی دا و بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "دوای ئەوەی دوێنێ بۆ ماوەی شەش کاژێر فەیسبووک و بەشێک لە ئەپڵیکەیشنەکانی دیکە لەکارکردن راوەستان، دواتر فەیسبووک چارەسەری کرد لەرێگەی باک ئەپەوە، واتە گێڕانەوەی زانیارییە هەڵگیراوەکانی پێشتر، واتە ئەوەی ئێستا کاری پێدەکرێت فەیسبووکی ساڵی 2020ە و ئەمەش کەلێنی زۆری تێدایە، بۆیە گرنگە خەڵک خۆیان و داتاکانیان بپارێزن، ئەوەش لە رێگەی بەکارهێنانی میکانیزمی چوونە ژووەرەوە بەدوو هەنگاو (Two-step Verification)".
ئەو شارەزایەی بواری تەکنەلۆژیا دەشڵێت: "ئەوەی هەیە بەکارهێنانی ئەو هەنگاوە بۆ خۆپارێزییە لە هێرش و هاککردن و هەر شتێک روویدابێت رێگە لە دزەکردن و هاککردن دەگرێت و ناهێڵێت داتا و زانیارییەکانت هاک بکرێن و ببرێن، بۆیە گرنگە هەنگاوی خێرا بەکارهێنانی چوونە ژوورەوەیە بە دوو هەنگاو، دەبێت خێرا پاسۆردەکانیشیان بگۆڕن".
ئاسۆ وەهاب، شارەزای بواری تەکنەلۆژیا و ئەپڵیکەیشنەکان، سەبارەت بەهۆکاری راوەستانی فەیسبووک و بەشێک لە ئەپڵیکەیشنەکانی وەکو ئینستاگرام و سناپ چات و واتساپ، شتی دیکە دەڵێت"ئەوەی دیارە ئەوەیە گومانەکان لەبارەی بوونی هێرشی ئەلیکترۆنی کەمترن، بەڵام بەپێی بەدواداچوونەکانمان کێشەکە بەهۆی کارمەندێکی کۆمپانیای فەیسبووک خۆیەوە روویداوە کە ویستوویەتی فەیسبووک نوێ و ئەبدەیت بکاتەوە، بەڵام بەهۆی هەڵەیەکەوە Domain Name System و IP لەدەستدرا و ئەمەش بووە هۆی سڕینەوەیان".
دوێنێ دووشەممە 4/10/2021، بۆ چەند کاژێرێک هەریەک لە ئەپڵیکەیشنەکانی فەیسبووک، ئینستاگرام و وەتسئەپ لەکارکەوتن.
ساڵی 2008، کاتێک بەکارهێنەرانی فەیسبووک تەنیا 80 ملیۆن کەس بوون، بەهۆی ڤایرۆسێکەوە تۆڕەکە بۆ ماوەی نزیکەی رۆژێک لەکارکەوت.
لە ساڵی 2019 لەکارکەوتنی فەیسبووک نزیکەی کاژێرێکی خایاند، ئەوکات فەیسبووک گوتی، کێشە لە سێرڤەرەکانیان هەبووە، کاتێک گۆڕیویانن، کاریان نەکردووە.
رۆژنامەی نیویۆرک تایمز لە زاری دوو کارمەندی فەیسبووکەوە باس لەوە دەکات کە زۆربەی کارمەندانی کۆمپانیاکە نەیانتوانیوە بچنەژوورەوە، چونکە ئەو باجانەی بۆ چوونەژوورەوە بەکاریانهێناوە، لەکارکەوتوون.
سەرچاوە :- Rudaw
0 تعليقات